ئێران: ئیسرائیل هێڵی سووری گەورەی بەزاند بەدڵنیاییەوە وەڵامی دەدەینەوە

(0) / / ایران / زایەڵە ئێران ئیسرائیل پاکستان


Aug 04, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە -  عەلی باقری سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پاکستان، محەمەد ئیسحاق دار ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل بە کردنە ئامانجی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، ئیسماعیل هەنییە لە تاران "هێڵی سووری گەورەی" بەزاند و، بەدڵنیاییەوە وڵاتەکەی وەڵامی تەل ئەبیب دەداتەوە.
 
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەلی باقری سەبارەت بە تیرۆر کردنی ئیسماعیل هەنییە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پاکستان، محەمەد ئیسحاق دار ئەنجامداوە.
 
باقری باسی لەوە کرد کە هەنییە وەک میوانی ئێران لە تاران بووە و ئیسرائیل هێرشەکانی بەشێوەیەک فراوان کردووە کە یەمەن، لوبنان و تارانیشی گرتووەتەوە.
 
سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران باقری، ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل بە کردنە ئامانجی هەنییە لە تاران "هێڵی سووری گەورەی" بەزاند و، ئەم کردەیەش دوو دەرەنجامی دەبێت.
 
ڕاشیگەیاند: "یەکێک لەوانە ئێران بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئەم تاوانە دەداتەوە، ئەوی دیکەیان ئەوەیە کە ئیسرائیل بە زیاد کردنی کردە شەیتانییەکانی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە تێکدەدات و، پێویستە وڵاتانی ئیسلامی بەرامبەر ئەمە بێدەنگ نەبن".
 
باقری پێشنیاری کۆبوونەوەی نائاسایی لە نێوان وڵاتانی ئیسلامی بۆ وەزیری دەرەوەی پاکستان، محەمەد ئیسحاق دار کرد و، داوای لە ئیسلام ئاباد کرد پشتیوانی لەو پێشنیارە بکات و توانای خۆی بەکاربهێنێت بۆ ڕێگریی کردن لە بەردەوامەی کردەکانی ئیسرائیل.
 
لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی پاکستان ئیسحاق دار، پرسە و سەرەخۆشی بۆ شەهیدبوونی هەنییە ڕاگەیاند و، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە داواکارییەکەی ئێران کرد بۆ سازکردنی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە نێوان وڵاتانی ئیسلامییدا.
 
ئیسحاق دار بەپێویستی زانی گەلانی موسڵمان بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی هۆشیار ببنەوە و، باسی لەوە کرد کە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە لە تاران بە ئاشکرا پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتیی و سەروەری ئێرانە.